کۆمەڵەشیعرێکی فەرەیدوون ئەرشەدی چاپ و بڵاو کرایەوە

15:46 - 21 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: شیعرەکانی فەرەیدوون ئەرشەدی، شاعیری کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە دووتۆی کتێبێکدا لەژێر ناوی \"بەرد\" چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەرەیدوون ئەرشەدی شاعیری کوردی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان، بژاردەیەک لە شێعرەکانی خۆی کە لە ساڵەکانی ٦٣ هەتا ٩٣ی هەتاوی هۆنیوەتەوەی لە دووتۆی کتێبێکدا لە ژێر ناوی \"بەرد\" چاپ و بڵاو کردەوە.

ئەم شاعیرە کوردە لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاند: \"ئه‌م کۆمه‌ڵه‌شیعره،‌پێشتر و کاتێک کە له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووم، ئاماده‌ی چاپ و بڵاوبوونەوە کرابوو و ئیجازه‌ی چاپیشی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام دەرەتانی چاپ و بڵاوکردنەوەیم نەبوو\".

ئەرشەدی لە درێژەدا ئاماژەی دا کە ماویه‌یەک پێش، به‌ڕێوه‌به‌رانی چاپه‌مه‌نیی \"مانگ\"، پێوه‌ندییان پێوە گرتم و ئامادەگیی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی کتێبێکم بۆ چاپ بکه‌ن دەربڕی، منیش هه‌ندێکی دیکه‌له‌و شیعرانه‌ی دوای هاتنه‌ده‌ره‌وه‌م له کوردستانی ئێران نووسیبووم، لێم زیاد کرد و به‌ناوی \"به‌رد\"، ئاماده‌ی چاپ کرا.

\"26932.jpg\"
شیعرەکانی فەرەیدوون ئەرشەدی لە دووتۆی کتێبێکدا لەژێر ناوی \"بەرد\" چاپ و بڵاو کرایەوە
فەرەیدوون ئەرشەدی بەم شێوەیە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپای درێژە پێدا: له‌م شیعرانه‌دا هه‌وڵم داوه‌به‌دوای ده‌رفه‌ته‌کانی ده‌ربڕینی خۆم، له‌داڕشتن و فۆرمدا بگه‌ڕێم.

ئەم شاعیرە کوردە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دوو بەرهەمی دیکەی لەلایەن چاپەمەنیی \"مانگە\"ـەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

فەرەیدوون ئەرشەدی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە ساڵی ٦٣ی هەتاوییەوە کە هۆنینەوەی شیعری بە زمانی کوردی دەست پێکردووە هەتا ساڵی ٧٧ی هەتاوی لە شارەکانی سنە، سەقز، ورمێ و تاران وەکوو کارناسی فەرهەنگی و ئەدەبی چالاکی کردووە.

ئەرشەدی هەروەها لە گۆڤاری سروە، حەوتوونامەی سیروان و چەندین رادیۆ و تەلەڤزیۆنی کوردیدا چالاکی کردووە و بەرهەمەکانی بڵاو کردووەتەوە.

فەرەیدوون ئەرشەدی، شاعیری کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران پاش بەجێهێشتنی ئێران لە ساڵی ١٣٨٢ـەوە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێ بووە.