کۆمەڵە بە رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە هێزی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد+وتووێژ

16:10 - 2 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران، بە مەبەستی بەرنگاربوونەوە هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمەلێک لە پێشمەرگەکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە پێی بڕیاری ئەو حیزبە، گەیشتنە مێحوەری کەرکووک و لەوێ جێگیر بوون.

ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ رۆژی هەینی گوردانێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە بڕیاری رێبەرایەتیی حیزبەکەی و بە رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، چوونەتە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی.

\"21715.jpg\"
ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ئەو ئەندامەی رێبەریی کۆمەڵە گوتیشی؛ ئەوان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتیپێشمەرگەوە داوایان لێنەکراوەو تەنیا بە بڕیاری رێبەرایەتیی حیزبەکەی و بە رەزامەندیی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانیان رەوانەی بەرەکانی شەڕ کردووە.

محەمەدی ئەوەشی خستەروو، کەلە ماوەی رابردوودا و بە ئاگاداریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، هێزەکانیان رەوانەی بەرەکانی شەڕ کردبوو، بەڵام بە هۆکاری سیاسی و دیپلۆماسی هێزەکانیان لە نیوەی رێگە گەڕاندبوونەوە.

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە لە وڵامی پرسیارێکدا کە هێزەکاناین هەتا کەی لە بەرەکانی شەڕ دەمێننەوە، رایگەیاند؛ \"باس لە ماوەیەکی دیاریکراو بۆ مانەوەی هێزەکانمان لە ناوچەی کەرکووک نەکراوە، بۆیە هەتا ئەوکاتەی بە پێویست بزانرێ، هێزەکانمان لەوێ دەمێننەوە\".

ئەوەشی خستەروو، هێزەکانیان لەو ناوچەیە سازمان دراون کە ئەنوەری حاجی مەحموود سەرپەرستیی ناوچەکە دەکات و هەتا ئێستاش هێزەکانیان تووشی هیچ شەڕ و تێکهەڵچوونێک نەبوونە.

\"21721.jpg\"
سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران له خانه‌قین
لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەگوترێت هێزەکانی کۆمەڵە لەو ناوچەیەن کە سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لێی جێگیر کراون، گوتی؛ \"فەرماندەی ‌هێزەکانی ئێمە لەو پەیوەندییەدا هیچ شتێکی باس نەکردووەو زانیارییەکیشمان لەو بارەیەوە لەبەر دەستدا نییە\".

رۆژی رابردوو هەواڵنێری \"بی‌بی‌سی\" لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سوپای بەدری سەربە سوپای قودسی حکوومەیئ ئێران لە ناوچەی کەرکووک و جەلەولا لەگەڵ هێزەکانی داعش لەشەڕدان.