کۆمەڵگای وەرزشیی کرماشان ڕەش پۆش بوو

15:52 - 25 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کورد لە شاری کرماشان بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٤ی ڕەشەمە، وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و ئەندامی پێشووی تیمی میللی شاری کرماشان لە ڕشتەی \"بوکس\"، بە شێوەیەکی گوماناوی بە چەند گوللەیەک کوژرا.

شوناسی ئەو وەرزشوانە کوردە بە ناوی\"مێهدی مێهدی پوور\" ڕاگەیەنراوە.

هەواڵدەریی مێهری کرماشان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، تەرمی ئەو وەرزشوانە کوردە لە نێو ماشینێکدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان دۆزرایەوە.

هەرچەند ئەو هەواڵدەرییە ڕاینەگەیاندووە کە؛ مێهدی بە چ جۆرە چەکێک تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

هەتاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە مەڕ کوژرانی ئەو وەرزشوانە کوردە لە بەردەستدا نیە.

مێهدی مێهدی پوور ئەندامی پێشووی تیمی میللی ئێرانە، لە ڕشتەی وەرزشی \"بوکس\"دا و پێشینەی ڕاهێنەرایەتی تیمی میللی لە کارنامەی وەرزشی خۆیدا هەبووە.

ناوبراو هەروەها ڕاهێنەری تیمی میللی بوکسی لاوانی ئێران بووە.