کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستانی ئێران هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان مەحکووم دەکەن

12:20 - 20 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی مەریوان، سنە، بانە و پیرانشار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان سەبارەت بە هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا بەڕێوەبرد.

بەپێی گرتە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەزبەر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە شارەکانی مەریوان، سنە، بانە و پیرانشار لەهەمبەر مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، بەڕێوەبرد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە، هاووڵاتییان دروشمی جۆراجۆریان دژی دەوڵەتی تورکیە و ئەردۆغان دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەو شارە، بە دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە و مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی تووشی شەڕ بوون".

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا وتی: "ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی مەریوانی، لە لایەن مەئموورانی ئینتزامییەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگە ڕاگوێزراون".

هەروەها چالاکانی مەدەنی، سیاسی و فەرهەنگیی کورد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هێرشی دەوڵەتی تورکیەیان بۆ سەر ڕۆژئاوا مەحکووم کرد و داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد کە پێش بە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا بگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەزبەر، دەوڵەتی تورکیە هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوا دەست پێکرد کە ئەو هێرشە لەگەڵ دژکردەوەی توندی کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی ناوچەکە بەرەڕوو بووەوە.

هەتاکوو ئێستا دەیان هەزار کەس لە هاووڵاتییان لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، ئاوارە بوون و دەیان هاووڵاتیی کورد بەهۆی هێرشی تۆپخانەکانی ئەرتشی ئەو وڵاتەوە بوونە قوربانی.