کۆماری ئیسلامی دژی دیاریکردنی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ هەڵوێستی گرت

12:11 - 12 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: مۆحەممەد جەواد لاریجانی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە هێمای گەورەترین دێموکراسی ناوچە لەقەڵەم دا.

بە پێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی ڕادیۆ فەڕانسە بڵاو کراوەتەوە؛ جێگری کاروباری نێونەتەوەیی هێزی دادوەری کۆماری ئیسلامی دیاریکردنی دووبارەی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤ بۆ ئێران، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانی بە هەوڵێکی نالۆژیکی، بێ بەزەییانە و بێ پاساو لەقەڵەم دا و وتووویەتی: ئەم کارە بە مەبەستی سیاسی لەلایەن زلهێزەکانەوە ئەنجام دەدرێ.

ناوبراو ڕایگەیاندووە ئێمە بە هەموو شێوازێک دژی دیاری کردنی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤین چونکە وەها کارگەلێک دەبێتە هۆی کەڵکاژۆوەرگرتنی سیاسی ئەکتەرە جیهانییەکان لە وڵاتانێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرۆکی \"ستادی مافی مرۆڤی\" هێزی دادوەری حکومەتی ئیسلامی سەبارەت بە ڕوانینی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێ ئەوان بە هەڵە لە مافی مرۆڤ گەیشتوون، چونکە جیاوازییە فەرهەنگییەکان و بنەما ئەخلاقییەکانیان لە بەرچاو نەگرتووە.

پێشتریش ناوبراو بە پشت بەستن بەم \"جیاوازییە فەرهەنگییانە\" بەردباران کردن و قرتاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤی بە یەکێک لە یاسا جوانەکانی قەساس و دابین کردنی مافەکانی مرۆڤ ناوزەد کردبوو.