کۆساڵان لە لایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران دەکرێت

16:54 - 7 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بۆ دووهەمین جار، سپای پاسداران شاخەکانی کۆساڵانی تۆپباران کرد و بوو بەهۆی سووتانی ژینگەی ئەو ناوچەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاگرتێبەردانی ژینگە و هەوارەکانی خەڵکی گوندی \"ڕوار\" لە شاخی کۆساڵان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگە، لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا تۆپبارانکردنی شاخی کۆساڵان و هەواری \"ژونێنـ\"ـی گوندی ڕوار بەردەوامە.

\"\"ئەو سەرچاوەیە هەورەها لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا وتی: \"ئەمە دووهەمین جارە کە سپای پاسداران لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، دەستی بە تۆپبارانکردنی شاخی کۆساڵان کردووە\".

هاووڵاتییانی گوندی \"ڕوار\" و مەڕدارانی هەواری ژونێنی کۆساڵان، دەستیان بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکە کردووە.

ڕۆژی هەینی، ٤ی گەلاوێژ، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک باسی لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"سەید هادی ئوجاق\" کرد.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: \"سپای پاسداران بە بیانووی بوونی هێزە کوردییەکان، بۆ دووهەمین جار لە چەند ڕۆژەی ڕابروودا، دەستی بە تۆپبارانکردنی شاخی کۆساڵان کردووە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو تۆپبارانکردنە، جگە لە زیانگەیاندن بە ژینگە و دارستان و لەوەڕگەکانی شاخی کۆساڵان، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.