کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی \"یەک رۆژە بۆ زرێبار\" بەڕێوەدەچێت

13:15 - 21 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: گەورەترین کۆبوونەوەی جەماوەری بە مەبەستی پاراستنی گۆلی زرێبار، لەلایەن ئەنجومەنی \"سەوزی چیا\" و بە هاوکاریی ئەنجومە ژینگەپارێزییەکانی ئوستانی کوردستان، لە مەریوان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٤ی رێبەندان، خەڵکی شاری مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستان، لەسەر بانگەوازی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و بە هاوکاریی رێکخراوە ژینگەپارێزییەکان، بە رێپێوانێک لە گۆڕەپانی (بێسارانی)یەوە هەتا گۆلی زرێبار، هەڵویستی خۆیان سەبارەت بە پاراستنی گۆلی زرێبار دەردەبڕن.

ئەم کۆبوونەوەیە، کە بە بۆنەی رۆژی جیهانیی تاڵاوەکانەوە بەڕێوە دەچێت، مەبەست لەو کارەش ئەوەیە کە بەرپرسان و لایەنە پەیونەدیدارەکان هەوڵێک بۆ رزگار کردنی گۆلی زرێبار بگرنە بەر.

\"24701.jpg\"
بانگەواز بۆ گەورەترین کۆبوونەوەی جەماوەری بە مەبەستی پاراستنی گۆلی زرێبار
بڕیار وایە لەو کۆبوونەوەیەدا، پەیامی پاراستنی گۆلی زرێبار بخوێندرێتەوەو شانۆی سەرشەقام، بەرنامەی جۆراوجۆری فەرهەنگی و وەرزشی بەڕێوە بچێت و لە کۆتاییشدا چەند کەسێک بەپێی تیروپشک خەڵات دەکرێن.

پێشتریش، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان وتارێکی بە پێنووسی بەیان نیک‌بین بڵاو کردبوویەوە، کە تیایدا نووسەر پێشبینیی ئەوەی کردبوو کە گۆلی زرێبار وەکوو تاڵاوەکانی (شور گوڵ، شادگان، هاموون و ئەنزەلی)، لە ریزی تاڵاوەکانی \"مۆنترۆ\"دا تۆمار بکرێت.

گۆلی زرێباری مەریوان، وەکوو یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان، بەهۆی کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی بەرپرسانی پەیوەندیدار، لە بەرەبەری لەناوچووندایە.

کارناسان، کۆمەڵێک هۆکاری وەک لەبیر کردن و هەڵاواردن، تەرخان نەکردنی بودجە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ پاراستنی، چاوەدێری و کۆنتڕۆڵ نەکردن، خاوێن نەکردنەوەی گۆلی زرێبار، بە هۆکارەکانی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئەو گۆلە لەقەڵەم ئەدەن.

گۆلی زرێبار، کە ٣ هەزار و ٢٩٢ هێکتار رووبەر و هەزار و ٧٠ هێکتار قامیشەڵانی هەیە، ٢٣یەمین تاڵاوی ئەندامی کۆنڤانسیۆنی رامسەرە.

گۆلی زرێبار ٩٧ باڵندە، ٣٢ جۆر گواندار، ١٣ جۆر خشۆکە، ١١ جۆر ماسی و ١٠٠ جۆر روەکی تێیدایە.

گۆلی زرێبار لە ٣ کیلۆمیتریی بەشی باکووری رۆژئاوای شارستانی مەریوان لە ئوستانی کوردستان هەڵکەوتووە.