کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی \"نۆژین\" لە بەرانبەر دادگوستەریی شاری سنەدا

15:16 - 6 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆ بوونەوە و خوازیاری ئازادیی خێرای \"زارا محەمەدی\" بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\" لەم کۆبوونەوەیەدا خوازیاری ئازادیی خێرا و بێمەرجی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە بوون.

\"\"زارا محەمەدی، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"
هێزەکانی ئیتلاعاتی و ئینتیزامی لە شوێنی ئەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون و دەستیان دایە پشکنینی مۆبایلی شەخسیی هاووڵاتییان.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کوردە، بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.