کۆبوونەوەی کوردانی تاراوگە لە بەردەم پارلمانی ئورووپا بۆ مەحکوومکردنی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی

20:29 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کوردانی تاراوگە، لە هەر چوار بەشی کوردستانەوە، بەمەبەستی مەحکوومکردنی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە بروکسێل کۆبوونەوە و خۆپێشاندانێکی بەرینیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، کوردانی تاراوگە، بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و کۆبوونەوە لە بەردەم پارلەمانی ئورووپادا، تێرۆری دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کوردیان مەحکووم کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا، \"مستەفا هیجری\"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، سەبارەت بە کەسایەتیی دوکتور قاسملوو و دۆخی قەیراناویی حکوومەتی ئێران، چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.

وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و هەروەها خوێندنەوەی شێعر لە لایەن هونەرمەندان و شاعیرانی کوردی تاراوگەنشین، بەشێک لە بەرنامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.

بەشداربووان لەم ڕێپێوان و کۆبوونەوەیەدا، وێڕای مەحکوومکردنی بێدەنگیی دەوڵەتی ئۆتریش، سەبارەت بە تێرۆری دوکتور قاسملوو، خوازیاری وەگەڕخستنەوەی ئەم دۆسییەیە بوون.