کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی سەلاح ئازادی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بەڕێوە چوو

18:43 - 12 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی سەلاح ئازادی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، لە دادگای ئینقلابی مەریوان بەڕێوە چوو.

ئەو چالاکە سێنفییە لەگەڵ دوکتور وەحیدی پارێزەری دۆسیەکەی بۆ دادکۆکیکردن لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە دادگای ئینقلابی مەریوان، ئامادە ببوو.

ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی بیروڕای گشتی، لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکان لە ڕێگای فیلم و وێنە" لە دادگای مەریوان ئامادە بوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، "سەلاح ئازادی" چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بۆ داکۆکی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ئەو شارە ئامادە و لە کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی کەفاڵەت هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، سەلاح ئازادی بانگهێشتی پۆلیسی فەتای مەریوان کرابوو و پاش لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو، هەروەها دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی مەریوان کرابوو.