کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازی بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە بەرانبەر فەرمانداریی سەقز توندوتیژی لێ کەوتەوە

18:31 - 26 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانان، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازی بە "قەتڵی حکوومەتیـ"ـی ژینا ئەمینی لە بەرانبەر فەرمانداریی سەقز، بە دەستێوەردانی هێزەکانی گاردی شۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان توندوتیژی لێ کەوتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تەقە لە هاووڵاتییان کردووە و هەروەها هێزەکانی گاردی شۆڕش بۆ بڵاوەپێکردنی هاووڵاتییان، لە گازی فرمێسکڕیژ کەڵکیان، وەرگرتووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەورەها ئەوەشی خستە ڕوو، چەند هاووڵاتیی ناڕازی بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار و هێندێک لەو هاووڵاتییانە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی لەو ڕووداوە سەری بە گولـلەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی یەکێک لەو هاووڵاتییانەی ناڕازی بە "قەتڵی حکوومەتیـ"ـی ژینا ئەمینی که بە گوللـە هێزە ئەمنییەتییەکان بریندار کرابوو "کیان درەخشان" ڕاگەیاندووە.

ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانان، جەنازە ژینا (مەهسا) ئەمینی، بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، لە گۆڕستانی "ئایچیـ"ـی سەقز، ئەسپەردەی خاک کرا.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، جەنازەی ژینا ئەمینی بە فڕۆکە لە تارانەوە گوێزرایەوە بۆ تەورێز و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانان، بۆ گۆڕستانی ئایچی له سەقز، گوێزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەکەی "ژینا ئەمینیـ"ـان خستووەتە ژێرگوشارەوە کە پێش لە ئامادەبوونی خەڵک، جەنازەی ژینا ئەسپەردەی خاک بکەن، بەڵام ئەو داواکارییە لەگەڵ دژایەتیی بنەماڵەکەی و هاووڵاتییانی ناڕازی بەرەوڕوو ببوو و جەنازەی  ژینا بە ئامادبوونی خەڵکێکی زۆر ئەسپەردەی خاک کرا.

هاووڵاتییانی ناڕازی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمی بە خاکسپاردنی جەنازەی ژینا دروشمیان دژی حکوومەتی ئێران و بەرپرسانی حکوومەتی دا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان ڕێگاکانی هاتنە نێو شاری "سەقز"یان داخستبوو، هەتا پێش لە بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمی ناشتنی جەنازەی ژینا ئەمینی بگرن."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتی - ئینتزامییەکان لە شاری سەقز کەوتوونەته حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانان، ژینا (مەهسا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵە خەڵکی شاری سەقز، که لە ئەنجامی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە، لەلایەن مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، چووبووە بێهۆشی درێژخایەن، لە نەخۆشخانە کەسرای تاران، گیانی لە دەست دا.

پاش بڵاوبوونەوەی هەوڵی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان بە کۆبوونەوە لە بەرانبەر نەخۆشخانەی کەسرای تاران، ناڕەزایەتییان بە کوژرانی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی دەربڕی و ژمارەیەک لەو هاووڵاتییە ناڕازییانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، وێرای مەحکووم کردنی قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکەی، داوا لە تەواوی ڕێکخراوە و ناوەندە مافی مرۆییەکان دەکات، یەکگرتووانە حکوومەتی ئێران لە بەرانبەر ئەو کارەساتە وڵامدەر بکەن.