کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی قوروە لە بەردەم "بەیتی رێبەری" + وێنــە

23:12 - 24 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی دەرکراوی کارگەی \"زاگرۆس\"ی شاری قوروە، لە بەردەم \"بەیتی رێبەریی عەلی خامنەیی\" لە شەقامی \"پاستۆر\"ی شاری \"تاران\"دا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ نزیک بە ١٨٠ کرێکاری کورد کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە کارگەی \"زاگرۆس\"ی شاری قوروە لەسەر کار دەرکرابوون لەبەر دەم دەفتەری بەیتی رێبەریی حەلی خامنەیی لە شاری تاران کۆبوونەوە و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کار و هەروەها وەرگرتنی مووچە وەدوا کەوتووەکانیان بوون.

یەکێک لەو کرێکارانە هۆکاری چوونی ئەو کرێکارانەی لە سنەوە بۆ تاران، نابەرپرسیارەتی و بێ دەسەڵاتیی ئوستاندار و ئیدارەی کاری ئوستانی کوردستان لەمەڕ جێبەجێ کردنی خواستی کرێکاران راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە یەکیەتیی کرێکارانی ئازدی ئێران ژمارەی ئەو کرێکارە نارازییانەی ٢٥٠ کەس راگەیاندووە کە دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە ٥ کەس لەو کرێکارانەوە بانگهیشتی دەفتەری بەیتی رێبەریی حکوومەتی ئێران کراون و بەرەوڕووی هەڕەشە بوونەتەوە و پێیان راگەیاندراوە کە ئەم ناڕەزایەتییە بۆ بەردەم مەجلیس بگوازنەوە.

\"13959.jpg\"
ئەو کرێکارە دەرکراوانە رایانگەیاندووە، ئەگەر ئەمڕۆ وەڵامی شیاویان پێ نەدرێتەوە، رۆژی دادهاتوو لەبەردەم مەجلیسی ئێراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک دێنن.

رۆژی سێ‌شەممەی رابردوو ٢٣٥ کرێکاری کارگەی زاگرۆس بۆ تواندنەوەی ئاسن لە شاری قوروە کە سەرجەمیان پێشینەی ١٠ هەتا ٢٣ ساڵ کاریان لەو کارگەیەدا بوو، لەسەر کار دەرکران.

ئەو کرێکارانە رۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممەی رابردوو بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکرانیان، لە بەردەم ئیدارەی کاری شاری قوروە و ئوستانداریی شاری سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک ‌هێنا، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەلامێکیان پی نەدراوەتەوە.

دەگوترێت زۆربەی ئەو ٢٣٥ کرێکارەی کارگەی زاگرۆس تووشی پشت ئێشە، ئازاری \"سپڵ و سیپەلاک\" و هەروەها کەم حوکمیی \"گوێچکە و چاو\" بوون.