کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە چەند شاری کوردستان بەڕێوە چوو

11:28 - 21 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، مامۆستایانی شارەکانی "بۆکان، سەقز، مەریوان، سنە، کرماشان و ئیلام"، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەمەڕ داواکارییە سەرەکییەکانی پلەبەندیی دامەزراوان و یەکدەستکردنی خانەنشینکراوان بەپێی یاسای بەڕێوەبەریی خەدەماتی ئێران، بەڕێوە برد.

ئەو کۆبوونەوانە پاش بانگەوازی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران بەڕێوە چوو و فەرهەنگییان خوازیاری بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان بوون.

شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە: "هێندێک لە چالاکانی سێنفی و کانوونەکان و ئەنجومەنە سێنفییەکان لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندا بوون، بەڵام ئەوان بە پێداگری لەسەر ڕەواییبوون و یاسایی و سێنفیبوونی داواکارییەکانیان، خۆڕاگرییان کرد و لەسەر بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان پێداگرییان کردووە".

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، مامۆستایان بۆ دووەمین جار لە شارەکانی "کرماشان، ئیلام، جوانڕۆ، سنە، مەریوان و سەقز" بەهۆی ناڕەزایەتی لەمەڕ جێبەجێنەکردنی  پلەبەندی و هەروەها جێبەجێنەکردنی تەواوی یەکدەستکردنی خانەنشینکراوەکان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.