کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی پەردیسی کوردستان

16:33 - 10 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی تەربیەت موعەلیمی زانکۆی پەردیسی مودەڕیسی کوردستان بە نیشانەی بڕینی بەشیک لە مووچەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارانی تەربیەت موعەلیمی زانکۆی پەردیسی کوردستان، ٢٠٠ هەزار تمەن لە مووچەکانیان لێ دەگێڕنەوە و خوێندکارانیش ئەو بڕیارەی بەرپرسانیان بە ئەستاندنی پارەی زۆرەملی لەقەڵەم داوە.

٧٠ کەس لە خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی پەردیسی کوردستان، بەهۆی بە بڕینی بەشێک لە مووچەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ئەو زانکۆیەوە، لە ناو زانکۆدا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و خوازیاری پێدانی مووچەی کامڵی خۆیان بوون.

یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی شاری سنە لە لێدوانێکدا بەهەواڵنیری کوردپای راگەیاند؛ خوێندکارانی تەربیەت موعەلیم وەکوو پیرسونێلی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە ئەژمار دەکرێن و بۆیە دەبێ مووچەی کامڵیان پێ بدرێت.

بە گوتەی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە، سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی زانکۆی پەردیس ٢٠٠ هەزار تمەن لە مووچەی خوێندکاران کەم دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر ناوی \"هدیە\"دا بڕە پارەیەکیش لە خوێندکاران وەردەگرن.

خوێندکاران باسیان لەوەش کردووە، ئەو خوێندکارانەی کە ئەو برە پارەیە بە زانکۆ نەدەن، ئیزنی چوونە سەر پۆلەکانی خوێندنیان پێ نادرێت.

خوێندکارانی زانکۆی پەردیسی کوردستان، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خەوتنگە و خواردن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێناوەو مانیان گرتووە، بە گوتەی خوێندکاران لە ئیستادا ئەو زانکۆیە خواردنەکانی وەکوو هێڕڵ ماسیی کوڵیو، خۆرشتی لەپە، ماکاڕۆنییان بە نرخی ماسی و کەبابی ریستۆرانەکانی تاران پێ دەفرۆشن.

وێنــه: تەزیینی