کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ٧ ئەندامی کەمپینی "ژیانەوەی کوردستان" لە سنە بەڕێوە چوو

10:44 - 17 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ١٥ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەی دادگای پێراگەیشتن بە تۆمەتەکانی "مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، عەتائوڵڵا ڕەزا ڕەبابی، مەهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی، قانع خاتری و عەلی ئەڵڵاوەیسی"، لە ئەندامانی کەمپینی "ژیانەوەی کوردستان" لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چوو.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە، مەرزیە غوڵام‌وەیسی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" و شەش ئەندامە چالاکەکەی دیکە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دادگایی کراون.

ئەو حەوت ئەندامەی کەمپینی "ژیانەوەی کوردستان" مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان، ئازاد کرابوون.