کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دووبارەی دۆسییەی سامان کەریمی لە دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە دەچێت

12:28 - 9 بەفرانبار 2720

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دووبارەی دۆسییەی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "سامان کەریمی"، کوڕی "محەممەد ساڵح"، خەڵکی شاری بانە، پاش ڕەتکردنی حوکمی ئێعدامی  لە دیوانی باڵات وڵات، لە دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە دەچێت.

دۆسییەی ئەو زیندانییە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی دادگا کراوەتەوە و حوکمی ئەو زیندانییە، بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوە لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵات وڵات لە شاری قوم ڕەت کرابووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لە شوێنێک بە ناوی "تەپەی سلێمان بەگـ"ـی بانە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی قەرارگای شارامفەر لە شاری سنە کرابوو.

"سامان کەریمی" پاش سێ مانگ لە دەسبەسەری لە گرتنگەی قەرارگای شارامفەر، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دادگایی کرابوو و ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ حوکمی ئێعدام و ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە  لە بەندی پوویشی ١ی زیندانی ناوەندیی سنەدایە.