کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی جەبار دەستباز، ڕۆژنامەنووسی کورد لە سنە بەڕێوەچوو

12:14 - 3 بەفرانبار 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی جەبار دەستباز، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی دیواندەرە، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوەچوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەنووسە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، پڕوپاگەندە دژی نیزام، تێکدانی نەزمی گشتی، بەشداریکردن لە سێمێناری مافی مرۆیی و ژنان کە لەلایەن وڵاتانی دوژمن بەڕێوەچووە"، تۆمەتبار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لێپرسی دۆسییەکەی بڕی بارمتەکەی ئەو ڕۆژنامەنووسەی لە ٣٠٠ میلیۆنەوە بۆ ٤٠٠ میلیۆن، بەرز کردووەتەوە.

جەبار دەستباز ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوو.