کۆبوونەوە و مانگرتنی کرێکارانی نانەواخانەکانی شاری سەقز

14:58 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٩٠ کەس لە کرێکارانی نانەواخانەکانی شاری سەقز بەهۆی کەمیی موچە و نەبوونی بیمە، لە بەردەم ئیدارەی کاری ئەو شارەدا کۆبوونەوە و دەستیان دایە مانگرتن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی نانەواخانەکانی شاری سەقز سەرئەنجام پاش ١ مانگ لە دانی مۆڵەت بە ئیدارەی کار لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانیان، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٧ خەرمانان بەهۆی کەمیی مووچە و نەبوونی بیمە، لەبەر دەم ئیدارەی کاری شاری سەقز کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بەوتەی یەکێک لە کرێکارانی ناڕازی، بەرپرسانی ئیدارەی کاری شاری سەقز رایانگەیاندووە کە ئەم مانگرتنەی ئێوە دەستی ئەحزابی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی تێدایە، بۆیە لە گوێگرتن لە داواکانی ئێمە خۆیان بواردووە\".

ئەو کرێکارەی نانەواخانەکانی شاری سەقز ئەوەشی خستەڕوو کە بەپرسانی ئیدارەی کار پێیان راگەیاندووین، \"ئەگەر بەر دەم ئیدارەی کار چۆڵ نەکەن، بەرەوڕووی دەستبەسەری و زیندانی کران دەبنەوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو کرێکارانەی نانەواخانەکانی شاری سەقز بەردەوامە و هیچکام لە بەرپرسانی ئیدارەی کاری ئەو شارە ئامادە نەبوون کە گوێبیستی داخوازیی کرێکاران بن.

هاوکات کرێکاران رایانگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی کار گوێ لە دواکانمان نەگرێت، لە رۆژانی داهاتووشدا لەسەر پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن، بەردەوام دەبین.