کۆبانی ئازاد کرا و لە شارەکانی کوردستان خەلک شایی دەکەن+وێنە

14:56 - 7 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرئەنجام پاش ١٣٣ رۆژ بەرگری و شەڕی دەستەویەخە، شاری کۆبانی لە دەستی چەکدارانی داعش ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندان شاری کۆبانی، کە ماوەی زیاتر لە ٤ مانگ بوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە هێرشی کرابوویە سەر، لەو چەکدارانە پاک کرایەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ سێ‌شەممە هەواڵی ئازادکرانی کۆبانی لەدەستی چەکدارانی داعش، لە کۆنفڕانسیکی رۆژنامەوانیدا و بە فەرمی رابگەیەندرێت.

هاوکات لەگەل بڵاوبوونەوەی ئازادکرانی شاری کۆبانی، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها لە وڵاتانی ئورووپایی و بە نیشانەی شادی و خۆشحاڵی رژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە شایی و هەڵپەڕکێ کرد.

لە شاری سنە لە گۆڕەپانی گاز و پارکی منداڵان هاووڵاتییان بە هەڵپەڕکێ و شایی کردن، خۆشاڵیی خۆیان لە ئازادکران و رزگاریی کۆبانی دەربڕیوە.

پێشتریش لە کاتی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی شاری کۆبانی، لە نزیک بە تێکڕای شارەکانی کوردستانی ئێران کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەواماوانی ئەو شەڕە دامەزراو یارمەتییەکانی خۆیان رەوانەی خەڵکی کۆبانی کرد.

هەروەها لە بەشێک لە شارەکان، هاووڵاتییان بە مەبەستی مەحکووم کردنی کردەوەی چەکدارانی خەلافەتی ئیسلام و پشتگیری لە خۆڕاگریی خەڵكی کۆبانی، لە شارەکانی کوردستان دەیان کۆبوونەوە خۆپیساندانی ناڕەزایەتییان وەڕێخست، کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوموەتی ئیسلامییەوە دەستەبسەر کران.

\"24404.jpg\"
شاری کۆبانی،لە چەکدارانی داعش پاک کرایەوە
رۆژی رابردوو فەرماندەکانی ‌هێزی پێشمەرگە لە شاری کۆبانی بڵاویان کردەوە، لە کاتی ئازادکرانی کۆبانیدا ١٧ کەس شەهید کراون و تەرمی زیاتر لە ٥٠ چەکداری دەوڵتی ئیسلامییان کەوتۆتە بەردەست.

بەگوتەی فەرماندەرانی ‌هێزی پێشمەرگە، زیاتر لە سەدا ٥٠ی شاری کۆبانی لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر خەلکی کۆبانی بە تەواوەتی تێکڕووخاوە.

چەکدارانی داعش چەندین جار هەتا ئاستی کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوەتیی شاری کۆبانی چوونە پێش، شارێک کە جگە لە گوندەکانی، ١٠٠ هەزار کەس حەشیمەتی بوو.

هێرشی فرۆکەی جەنگیی وڵاتانی هاوپەیمان و پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگەی کورد کە لە هەرێمی کوردستانەوە لە سێ مانگ پێش ئێستاوە بۆ پشتیوانی لە خەڵكی کۆبانی چووبوونە ئەو شارە، چەکدارانی داعشی ناچار بە پاشەکشە و چۆڵکردنی ئەو شارە کرد.

هیزێکی ١٥٠ کەسیی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، دوابەدوای هێرشی داعش بۆسەر شاری کۆبانی، لە رێگەی سنووری وڵاتی تورکیاوە چوونە کۆبانی و هاوکات لەگەڵ چوونی ئەو هێزەش هێرشی فڕۆکەی هاوپەیمانان بۆسەر چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی دەستی پێکرد.

وڵاتانی هاوپەیمان لەو کاتەوە و لە هەر رۆژێکدا لانیکەم ٦ هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەکدارانی داعش هەبووە.

دەگوترێ، کە لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر شاری کۆبانی، ٥٠٠ کەس لە هێزە کوردییەکان شەهید بوونە و زیاتر لە ١٠٠٠ چەکداری خەلافەتی ئیسلامی بەکوشت چوونە.

چەکدارانی داعش لە ناوەڕاست مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هێرشی خۆیان بۆسەر کۆبانی دەست پێکرد و بە خێراییەکی بەرچاو دەستیان بەسەر بەشیکی بەرچاو لە گوندەکان و نێو شاری کۆبانیدا گرت.

ئەو رێکخراوەیە، بە توندڕەوترین رێکخراوی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا ناسراوە، بە ئامانجی ئیسلامی کردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە چالاکی دەکات.

ئارام . ح

\"24414.jpg\"

\"24415.jpg\"

\"24412.jpg\"

\"24416.jpg\"