کچە ئەکتەرێکی کورد لەوحی ڕێزلێنانی ساڵی ٩٥ی بەدەست هێنا

21:04 - 17 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی شاری ورمێ پلەی یەکەمی لە ڤێستیڤاڵ و کێبڕکێی شانۆنامەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، ڕێوڕەسمی تایبەتی شانۆ لە شاری ورمی بەڕێوەچوو و کچە ئەکتەرێکی کورد بە ناوی \"شەونم یووسفی\" خەڵکی ورمێ، لەوحی ڕێزلێنانی بەدەست هێنا.

ئەو ئەکتەرە کوردە پلەی یەکەمی لە فێستیڤاڵ و کێبڕکێی شانۆنامەی بەدەست هێنا و بەو پێیە شەونم یووسفی لە ماوەی ئەمساڵدا پێنجەمین خەڵاتی ڕیزلێنانی خۆی وەرگرت.

شەونم یووسفی لە سێزدەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی شاری سەقز، تەندیس، دیپلۆمی شانازی و خەڵاتی یەکەمی ڕۆڵی باشترین ئەکتەری ژنی شانۆی \"خەج و سیامەندی\" بۆ خۆی تەرخان کرد.

ئەو ئەکتەرە کوردە لە بەڕێوەچوونی ڕۆڵی شانۆیی\"خەج و سیامەند\" لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس، شنۆ، هەروەها باتمانی کوردستانی باکوور، ناوبانگی زۆری بەدەست هێنا.

شانۆی \"خەج و سیامەند\" لە دەرهێنەریی ڕەسووڵ بەنگین لە شاری ورمێ، چیرۆکی دڵداریی\"خەج\" و \"سیامەند\"ە.