کچە کاراتەکارێکی کورد سەرکەوتنێکی جیهانیی بەدەست هێنا

11:10 - 16 رێبەندان 2719

کچێکی کاراتەکاری سەردەشتی توانی بە بەدەستهێنانی پشتوێنی (کەمەربەند) ڕەشی دانی یەکی جیهانی، سەرکەوتنێک لە ئاستی جیهاندا بەدەست بهێنێت.

"باران گەوهەری"، ٢٨ ساڵە، خەڵکی سەردەشت، سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، پاش دوو مانگ فێرکاریی نێودەوڵەتی لە وڵاتی تورکیەدا، توانی "پشتوێنی ڕەشی دانی یەکی جیهانی" بەدەست بهێنێت و ببێتە شانازییەکی دیکە بۆ کوردستان.

"گەوهەری" ئەو سەرکەوتنەی لە کەمپی ڕاهێناندا لە سێمیناری فێرکاری و بردنەسەرەوەی پلەی نێودەوڵەتیی "دان و ناوبژیوانی" لە وڵاتی تورکیەدا، لەژێر چاوەدێریی "شیهان گۆرای"، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی جیهانی بەدەست هێناوە.

ناوبراو پاش ٢ مانگ ڕاهێنان لە بواری "کیووکۆشین کاراتەی ماتسۆیی"، لە ٣ بەشی "کاتا، تکنیک و داچی"، لە بەدەستهێنانی پشتوێنی ڕەشی دانی یەکی جیهانی سەرکەوتوو بوو.

وەرزشوانان و لاوانی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە بەدەستهێنانی سەرکەوتنگەلێکی جیهانی، دەبنە هۆی شانازی بۆ نەتەوەکەیان و بەردەوامیش لەلایەن دەسەڵاتەوە دەخرێنە پەراوێزەوە و بواری کارکردنیان لێ بەرتەسک دەکرێتەوە.