کچە ڕۆژنامەنووسێکی کورد، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا

14:14 - 30 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، کچە ڕۆژنامەنووسێکی بانگهێشت کردووە و بەڵێننامەی لێ وەرگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە ڕۆژنامەنووسێکی کورد بە ناوی \"دڵنیا مەحموودی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سنە، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و هۆکاری بانگهێشتکردنەکەشی بۆ چالاکییەکانی لە بواری ڕۆژنامەنووسی بووە.

ئەو سەرچاویە، هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش لێکۆڵینەوە لەو کچە ڕۆژنامەنووسە، بەڵێننامەیان لێ وەرگرتووە هەتا لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیەندنەکانی دەرەوی ئێران خۆی ببوێرێ.

ئەو سەرچاوەیە، لە درێژەدا دەڵێت: تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بێبنەما و بۆ پێشگرتنی لە چالاکیی ڕۆژنامەوانی گەڕاندەوە.

دڵنیا مەحموودی ئەندامی باشگای هەواڵنێرانی پارێزگای سنە و لە ڕۆژنامەکانی ئەو پارێزگایە خەریکی کاری ڕۆژنامەوانییە.