کچە چالاکێکی مەدەنیی کورد، لە شاری کەرەج دەسبەسەر کرا

16:17 - 19 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو و دانیشتووی شاری کەرەج، پاش هاتنەدەر لە ماڵ دەسبەسەر و هەتا ئێستە لە چارەنووسی ئەو کچە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، مەریم فەرەجی، چالاکی مەدەنیی کورد، دانیشتووی شاری کەرەج، پاش هاتنەدەرەوە لە ماڵ دەسبەسەر کرا و بەداوداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان هەتا ئێستە بێئاکام بووە.

بنەماڵەی مەریم فەرەجی ڕایانگەیاندووە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستە وڵامێکی ڕوونیان لەو باریەوە دەست نەکەوتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، لە چاوەڕوانی کاتی دیاریکراوی دادگای پێداچوونەوە بووە، کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

مەریم فەرەجی، مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ بەشداریی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا بووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، نەورۆزی ئەمساڵ لە لایەن دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێرانەوە، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ لە چوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم کراوە.

مەریم فەرەجی، تەمەن ٣٣ ساڵ خوێندکاری قۆناغی باڵای مودیرییەتی نێونەتەوەیی و مودیری ماڵیی شیرکەتێک لە شاری شەهریار بووە.