کچە وەرزشوانەکانی شاری هەرسین ٥٢ میداڵیان بە دەست هێنا

15:04 - 1 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کچانی وەرزشوانی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە کێبڕکێی شوتوکان کاراتە توانیان ٥٢ میداڵی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە کێبڕکێی قارەمانیی ئێران لە بەشی شوتەکان کاراتە لە شاری مەشهەد لە دوو بەشی کاتا و کومیتە، کچە وەرزشوانانی کورد لە شاری هەرسین ٥٢ میداڵی جۆراوجۆرایان بەدەست هێنا.

کچانی وەرزشوانی کورد لەو کێبڕکیەیدا، ٢٧ میداڵی زێڕ، ١٠ میداڵی زیو و ١٥ میداڵی بڕونزیان بە دەست هێنا.

لەکێبڕکێی قارەمانیی ئێران، بەبەشداری ١٤ پارێزگا و ٥٠٠ وەرزشوان بەڕێوەچوو و تیمی کچانی وەرزشوانی شاری هەرسین بە ٢٦ وەرزشوان بەشداریان لەو کێبڕکێیە کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە کێبڕکێی زۆرانوانی کە لە وڵاتی تورکەمەنستان بەڕێوەچوو، \"ئەرشک موحیبی\" زۆرانوانی خەڵکی شاری کرماشان توانی پلەی یەکەم و میداڵی زێڕ بە دەست بێنێت.

ئەو وەرزشوانە کوردە لە کێشی ٩٠ کیلۆدا میداڵی زێر بۆ خۆی مسۆگەر کرد.