کچە وەرزشوانێکی کورد بەهۆی بیانووی بەرپرسانی وەرزشەوە قژی خۆی تاشی

14:01 - 27 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە وەرزشوانێکی سەقزی کەلە هەژدەیەمین خولی رکابەرییەکانی تێکواندۆ کە لە ئاستی ئێراندا بەشداربوو، لەلایەن بەرپرسانی کۆمیتەی بەرێوەبردنی ئەو رکابەرییانەوە بەرەوڕووی ئاستەنگ و بەربەست بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژناسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەهرزاد نەقدی کچە وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کەلە هەژدەیەمین خولی رکابەرییەکانی تێکواندۆ لە ئاستی ئێراندا بەشداربوو، سەرەڕای ئاستەنگ و بیانووی بەرێوەبەرانی ئەو رکابەرییە توانی میداڵی نوقرە بەدەست بێنێت.

\"18377.jpg\"
شەهرزاد نەقدی کچە وەرزشوانی کوردی خەڵکی شاری سەقز
ئەو کچە وەرزشوانە لەدیمانەیەکەدا لەگەڵ ماڵپەڕی تەسنیم باسی لەوە کردووە، لەو کاتەیدا کە بەمەبەستی بەشداری کردن لەو رکابەرییانەدا خۆمان وەزن دەکرد، بەرپرسانی کۆمیتەکە بیانووی ئەوەیان پێ گرتم کە ١٠٠ گرەم کێشی زیادیت هەیە، بۆیە بەناچاری قژە سەری خۆم تاشی، کە بەو هۆیە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ و سەرلێشێوای بووم.

شەهرزاد نەقدی لە درێژەدا دەڵێت؛ بۆ جارێکی دیکە خۆم وەزن کردەوە، کە دیسان بیانووی ئەوەیان گرتم، کە ٢٠٠ گرەم کێشی زیادیت هەیە، بۆیە بە ناچاری دەستم بە وەرزشی قورس کرد و لە نان خواردنیش خۆم بوارد، کە بەو هۆیەوە تووشی لاوازیی جەستەیی و لە ئەنجامدا تووشی بێهۆشی بووم.

هەروەها دەشڵێت، پاش ئەوەی بەهۆی لاوازیی جەستەیی و دابەزینی رێژەی قەندی خوێنەوە تووشی نەخۆشخانە بووم، بەداخەوە لێژنەی تێکواندۆی ئوستانی کوردستان تێچووی نەخۆشخانەشیان بۆ نەدام و تێچووی نەخۆشخانەش کەوتە سەر گیرفانی خۆم.

\"18376.jpg\"
شەهرزاد نەقدی باسی لەوەش کردووە؛ ئەم شێوە هەڵسووکەوتانەی بەرپرسان هەرچەند بیرەوەریی ناخۆش لە زەینی من و کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستاندا بەجێدێڵێت، بەڵام بەو حاڵەش بۆ بەدەست هێنانی شانازی بۆ کۆمەڵگەی وەرزشی کوردستان و شاری سەقز، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەم.

هەژدەیەمین خولی رکابەرییەکانی وەرزشی تێکواندۆ رۆژانی چوار شەممە و پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٣ و ٢٤ی ریبەندان بە بەشداریی ١٢٣ وەرزشواندا لە تاران بەڕێوەچوو، کە شەهرزاد نەقدی کچە وەرزشوانی کورد، لە کێشی پێنجەم‌دا پلەی دووەمی ئەو رکابەرییانەی بەدەست هێنا.

ئەو کچە وەرزشوانە لەو خولەی رکابەرییەکاندا توانی ٤ وەرزشوانی هاوکێشی خۆی شکست بدات و تەنیا لە بەرامبەر وەرزشوانێکدا بە جیاوازیی ٥ خاڵەوە دایناوە.