کچە وەرزشوانێکی کرماشانی، میدالیای زێڕی رکەبەرییەکانی ئۆکیناڤای بەدەست هێنا

21:45 - 11 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: کاراتەکارێکی کورد لە نێوان ٣١٩ وەرزشوانی لیگی جیهانیی کاراتەی وانی وڵاتی ژاپۆندا، توانی نیشانی پاڵەوانیەتی بەدەست بێنیت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە وەرزشوانیکی کرماشانی بەناوی پگاە زەنگەنە لە پێنجەمین قۆناغی لیگی جیهانی (کاراتە وان)دا، میدالیای زێڕی ئەو رکەبەرییانەی بەدەست هێنا.

ئەو کچە وەرزشوانە تەمەن ٣١ ساڵەیە، لە کیشی ٦٨ کیلۆدا توانی بەسەر رکابەرەکانی خۆی کە لە وڵاتانی مەکزیک، ژاپۆن و تورکیاوە بەشدارییان کردبوو، سەربکەوێت و پلەی یەکەمی مسۆگەر بکات.

\"21870.jpg\"
هەنووکە وەرزشی کاراتە لە ئوستانی کرماشان، لە هەموو وەرزشەکانی دیکە لایەنگری هەیە و زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ کەس بە وەرزشی کاراتەوە سەرقاڵن و ١١٠ راهێنەری ژن کاری راهێنانی وەرزشی (کاراتەی وان) دەکەن.

نەبوونی ساڵۆنی تایبەتی بە وەرزشی کاراتە بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی وەرزشوانانی ئەو ئوستانە ئەژمار دەکرێت.

پگاە زەنگەنە کە هەتا ئێستا چەندین میدالیای ئاسیای و جیهانیی بەدەست هێناوە، بڕیارە لە کێشی ٦٨ کیلۆدا وەکوو نوێنەری تیمی کاراتەی ئیڕان بچێتە رکەبەرییە ئاسیاییەکانی ئینچیئۆنی کورەی باشوور.

تیمی وڵاتی ئێران سێ میدالیای زێڕ، دوو میدالیای نوقرە و ٣ میدالیای برۆنزی لە وڵاتی ژاپۆندا بەدەست هێناوەو پلەی دووەمی ئەو رکەبەرییانەی مسۆگەر کردووە.

هەواڵدەریی وەرزشی وڵاتی ئێران (ئیپنا) بلاوی کردۆتەوە؛ پێنجەمین قۆناغی لیگی جیهانیی (کاراتەی وان) بە بەشداریی ٣١٩ کاراتەکاری ٤٥ وڵاتی جیهان، لە شاری ئۆکیناڤای وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەچوو.

لەلایەکی دیکەوە کچە وەرزشوانێکی باشگای ئۆڵمپیکی شارستانی سەقز، بەناوی نیان شامحەمەدی لە رکەبەرییەکانی پاڵەوانیەتیی وەرزشی تێکواندۆی وڵاتی ئێراندا، توانی لە کێشی ٤٩ کیلۆدا میدالیای زێڕی ئەو رکەبەرییانە مسۆگەر بکات.

نیان شامحەمەدی، خوێندکاری رشتەی راهێنانی لەش (تربیت بدنی)ی شاری سەقزە و هەتا ئێستا ٢٠ جار توانیویەتی پلەکانی ١،٢ و ٣ی لە ئاستە جیاجیاکانی تەمەنیدا بەدەست بێنیت.

ئەو رکەبەرییە لە نێوان ١٧ ئوستان لە ئاستی ئێراندا و بە بەشداریی ٧٢ وەرزشوان لە ئوستانی هەمەدان بەڕێوەچووە.