کچە هونەرمەدێکی کورد بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت

14:21 - 21 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: کچە دیکیۆمێنت سازی کورد و چالاکی مافی منداڵان لەژێر زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

\"نیشتمان حوسێنی\" کچە دیکیۆمێنت سازی کورد لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: کە فیلمێکی بە ناوی \"کوردستان سنووری توندوتیژی\" لەبارەی کوژران و ژیانی کۆڵبەران و کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان لەمەڕ بەداواداچوون بە سکاڵا و گلەیی و گازندەی کۆڵبەران درووست کردووە و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەو هۆیەوە بەرەوڕووی زەخت و گوشاری ئۆرگانە ئەمنیەتییەکان بۆتەوە و بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

نیشتمان حوسێنی لە دێژەی لێدوانەکەیدا بە کوردپای راگەیاند: بەو چالاکییە مەدەنیانە ویستوومە کوژرانی کۆڵبەرانی کوردلە سەر سنوور میدیایی بکەمەوە و دەنگی مافخوازی و کپکراوی ئەو کۆڵبەرانە لە سەرجەم میدیاکانەوە بڵاو ببێتەوە.

\"10134.jpg\"
ئەو دیکۆمێنت سازە راشیگەیاند: روون و ئاشکرایه که حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هه‌ر جۆره چالاکییەکی مەدەنی دژ به خۆی دەناسێ، هه‌ربۆیه چالاکانی مەدەنی به پێوانەی چالاکی سیاسی دەبینری و حکوومەت بۆ ئەوەی پێشیان پێ بگرێ، بە چالاکیی دژبه حکوومەت پێناسەیان دەکات.

نیشتمان حوسێنی ئاشکرای کرد من زۆرم پێ خۆش بو کارەکانم له‌ناو خۆی وڵات بەرده‌وام بێت بو ئه‌وەی که بتوانم له نزیکەوه زیاتر ئازار و ژانی خه‌ڵکی ناوچە سنوورییەکان له رێگای میدیاکانەوه ئاشکرا بکەم، به‌ڵام هه‌روەک که ئاماژەم پێکرد ئه‌و زەخت و گوشارانەی که له‌سه‌ر خۆم و بنه‌ماڵەکەم لە ئارادا بوو، بوونە هۆکاری ئه‌وەی که من لە رووی ناچارییەوە وڵاتم بەجێهێشت.

\"10135.jpg\"
نیشتمان حوسێنی ساڵی١٣٨٣ له زانکۆی ئازادی مه‌هاباد چالاکییە مەدەنیەکانی دەست پێکردووە و دوای ماوەیەک دووری له زانکۆ سالی ١٣٨٩ سەرلەنوێ دەستی به کار کردۆتەوە و له بواری ژنان و دواتریش \"منداڵانی کار\" و بەگشتی ژیانی کاسبکاران چالاکیی نواندووە.
پێشتریش \"بەفرین حوجەتی\" ژنە ئەكتەری خەڵكی شاری مەهاباد بەهۆی دەورگێڕان لە درامایەكی تەلەفیزیۆنی و بڵاوبوونەوەی لە یەكێك لە كاناڵە تەلەفیزیۆنەكانی دەرەوەی وڵات، بەبێ‌ئامادەبوونی خۆی لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە ٤ ساڵ زیندان حوكم دراوە.

نیشتمان حوسێنی خوشکی \"شاهۆ حوسێنی\" چالاکی فەرهەنگی و خوێندکارییە کە ئەویش مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانەوە وڵاتی ئێرانی بەجێهێشت.