کچە قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵەی سنەیی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

02:44 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا؛ کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی خەڵکی شاری سنە بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی خۆ کوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کچە قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی \"شەقایق محەممەدی\" و کچی عەتا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

شەقایق محەممەدی کە قوتابیی پۆلی ١ی دواناوەندی بووە، ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گوندی \"نەوەڕە\"ی شاری سنەوە چوونەتە شاری سنە و لەوێ نیشتەجێ بوونە.

لەماوەی یەکساڵی رابردوودا رێژەی خۆکوشتنی هاووڵاتییانی کورد بەتایبەت لەنێو ژناندا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیاد بوون کردووە و ئەمەش نیگەرانیی چالاکانی ژنی لێکەوتووەتەوە و بە زەنگێکی مەترسیی بۆ کۆمەڵگەی کوردی لە قەڵەم ئەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە، کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە رای چالاکانی مافی ژنان ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە خۆکوشتنی هاووڵاتییان ئەنجام بدرێت، ئاماری راستەقینە لەو ریژەیە یەکجار زۆرترە.

بوونی ئەو ئامارە لە کاتێک دایە کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی ژنان و کچانی کورد نەتەنیا میدیایی نابنەوە، بەڵکوو بەهۆی نەریتی بوونی کۆمەڵگە لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە، پەردەپۆش دەکرێن.