کچە قوتابییەک لە کەنگاوەر لەلایەن باوکییەوە سەر بڕدرا

21:35 - 4 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابییەکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری کەنگاوەری سەربە ئوستانی کرماشان، لەلایەن باوکی‌یەوە سەر بڕدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان، کەسێک بەناوی \"کەرەم نەویدی\"، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خۆی بەناوی عاتیفە نەویدی سەربڕی.

عاتیفە نەویدی قوتابیی پۆلی دوا ناوەندی بووە، کە بەهۆی هەبوونی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک، لەلایەن باوکی‌یەوە بە زەبری چەقۆ سەر بڕدراوەو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمەکەی لە پزیشکی داوەریی شاری کرماشان راگیراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کەنگاوەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، لە کاتێکدا دایکی عاتیفە ویستوویەتی رێگری لە کوژرانی کچەکەی بکات، مێردەکەی داویەتییە بەر چەقۆ و بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی‌دایە.

سەرچاوەکە گوتووشیەتی، کەرەم نەویدی، کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە، هاوکات هەڕەشەی کوشتنی لە کچێکی دیکەشی کردووە، کە تەمەنی ١٦ ساڵە و رایشی گەیاندووە کە دوای ئازادبوون لە زیندان خۆی دەکوژێت.

پێشتریش لە رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا کەسێک بەناوی \"مەسعوود سەیدی\" خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو لەژێر ناوی \"پاراستنی نامووس\"دا خوشکەکەی خۆی سەر بریبوو.