کچە قوتابییانی شیناوێ بەهۆی نەبوونی بودجە چارەسەرییان بۆ نەکراوە

15:44 - 28 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی نەبوونی بودجە هەتا ئیستا کچە قوتابیانی شیناوێی سەربە شاری پیرانشار چارەسەریی پزیشکییان بۆ نەکراوە.

جێگری بەرێوەبەریی وەزارەتی تەندروستی وێڕای رەخنەگرتن لە کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە دەرمان نەکردنی کچە قوتابیانی گوندی شیناوێ، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەی دەرمان کردنی ئەو کچە قوتابییانەی بۆ نەبوونی بودجە گەڕاندبوویەوە.

کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە لەمەڕ چارەسەرنەکردنی کچە قوتابیانی شیناوێ ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو کچە قوتابییانەی لێ کەوتەوە و بڕیارە لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز ١٣ کەس لەو کچە قوتابییانە لە نەخۆشخانەی \"فاتیمەی زەهرا\" بخرێنە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی کەمیی پۆلی خوێندن لە گوندی شیناوێی پیرانشار و گوێ نەدانی وەزارەتی پەروەردە بەو مەسەلەیە، بڕیار بوو ئیدارەی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکان قوتابخانەیەکی نوێ لەو گوندە دروست بکات، بەڵام ئەو پرۆژەیەش بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست پەکی کەوتۆتەوە.

هاوکات بەهۆی نەبوونی شوێنی پێویست بۆ وانە وتنەوە، قۆناغی ناوەندیی بۆ قوتابییانی کوڕ لەو قوتابخانەیە لابردراوە و هەنووکە نزیک بە ٤٠٠ قوتابیی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە دوو شیفتی بەیانی و پاشنیوەڕۆیان لەو قوتابخانەیە سەرقاڵی خوێندن.

نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمیی وەزارەتی پەروەردە لەمەڕ چارەسەر کردنی برینی کچە قوتابییانی شیناوێ بووە هۆی ئەوە کە چەندین هونەرمەند و سینەماکاری کوردی وەکوو شەهرام نازری گۆرانیبێژ و ئومید مستەفاپوور دەرهێنەری فیلمی خۆشەویستی، داهاتی بەرهەمەکەانیان بۆ قوتابییانی شیناوێ تەرخان بکەن.

شەهرام نازری کە رێکەوتی ٢٨ و ٢٩ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ کۆنسێرتەکەی بەرێوەبرد، لە رۆژانی رابردوودا ١٠٠ ملیۆن تمەن داهاتی کۆنسێرتەکەی بۆ چارەسەر کردنی کچە قوتابییانی شیناوێ تەرخان کرد.

رێکەوتی ١٥ی مانگی سەرماوەزی ساڵی١٣٩١‌ی هەتاوی ٣٧ كچە قوتابیی قۆناغی سەرەتایی بە هۆی گڕ گرتنی سۆبەی پۆلەكەیان لە قوتابخانەی گوندی شیناوێ پیرانشار، سووتان و دوو كەس لەو قوتابییانە گیانیان لەدەست دا.