کچە قوتابیانی شیناوێ بۆ سێیەمین جار لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماری کۆبوونەوە

21:05 - 8 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابیانی شیناوێ سەرلەنوێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێ ئەنجام بوونی وادە و بەڵێنیی بەرپرسان لەمەڕ قەرەبوو کردنەوەی ئەو زیانە جەستەییانەی کە بەریان کەوتووە، لەبەر دەم دەفتەری حەسەن رۆحانیدا کۆبوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانان، کچە قوتابییانی شیناوێ بۆ سێیەمین جار هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەبەر دەم دەفتەری سەرکۆماری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە تاران کۆبوونەوەو خوازیاری وڵامدانەوە و پێراگەیشتن بە بارودۆخی جەستەییان بوون.

ئامینە راک، کچە قوتابیی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان، گوتوویەتی؛ بەهۆی پێڕانەگەیشتن بە بارودۆخی جەستەیی ئێمە و وڵامنەدانەوەی بەرپرسان، لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماری کۆبووینەتەوە.

ئەو کچە قوتابییە باسی لەوەش کردووە؛ دیەی ئێمە بەهۆی کچ بوونمانەوە کراوەتە نیوەو لەگەڵ ئەوەشدا هەقی بێکاریی باوک و دایکمان قەرەبوو ناکەنەوە و بەرپرسانیش لە وڵامدانەوە بە ئێمە خۆ دەبوێرن.

هەنووکە هیچکام لەو ١٢ کچە قوتابییەی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ کە زیانی جەستەیی لە رادەبەدەریان بەرکەوتووە، دیەی ئەو زیانە جەستەییەیان وەرنەگرتووەو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەیکە بۆ سێیەمین جار کە هاورێ لەگەڵ باوک و دایکیان لە شەقامی پاستۆری تاران و لەبەر دەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامیدا کۆببنەوە.

ئامینە راک ئاماژەی بەوەش کردووە، چەند رۆژ پێش ئێستا لە بەردەم دەفتەری حەسەن رۆحانی کۆبووینەوەو کە پێیان راگەیاندین، \"ئێوە بڕۆن، بۆ خۆمان وڵامتان پێ ئەدەینەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەس و بەرپرسێک وڵامی پێ نەداوینەتەوە\".

ئەو کچە قوتابییانە، کە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ لە پۆلی خوێندنی قوتابخانەی گوندی شیناوێی پیرانشاردا بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەوە تووشی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوون، بە گوتەی ئامینە راک، یەکێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو رووداوە، هەتا ئێستاش وەزارەتی پەروەردەو بارهێنان بچووکترین بەدواداچوونی بۆ نەکردوون\".