کچە قوتابیانی شیناوێ بۆ جارێکی دیکە لەلایەن بەرپرسانەوە بەڵێنیی قەرەبوو کردنەوەیان پێدرا+وتووێژ

22:10 - 10 خەرمانان 2714

 

ئاژانسی کوردپا: پاش چەندین جار ناڕەزایەتی دەربڕینی کچە قوتابیانی شیناوی لە بەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بەڵێنیی پێدانی دیەی کامڵی زیانە جەستەییەکانیان پێدرا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە ١٢ کەس لە کچە قوتابیانی شیناوێ هاورێ لەگەڵ دایک و باوکیان و پاریزەرەکەیان چاویان بە جێگری بەرپرسی پلاندانان و چاوەدێریی حکوومەتی ئیسلامی کەوت و چوار داواکارییان لێ قەبووڵ کرا.

باوکی ئەسرین مەعرووفی یەکێک لە کچە قوتابیانی شیناوێیی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"حوسێن ئەحمەدی نیاز کە یەکێک لە پاریزەرانی دۆسیەی کچانی شیناوێیە، چوار داواکاریی خستە بەردەم محمەد باقری نەوبەخت و ئەو بەرپرسە بەڵینیی جیبەجێ کردنی ئەو چوار داواکارییەی پێداین\".

باوکی ئەو کچە قوتابییە گوتیشی؛ پێدانی دیەی کامڵی کچانی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ، قەرەبووکردنەوەی بێکاریی دایک وباوکی کچەکان، باشتر کردنی رەشی ژیانی کچەکان، بڕینەوەی مووچە و دەرمان کردنی بەردەوامی کچانی شیناوێ، ئەو داواکارییانە بوون کە بەڵێنیی جیبەجی کرانیان پێدرا.

عوسمان موزەیەن یەکێکی لە پارێزەرەکانی دۆسیەی کچە قوتابیانی شیناوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپای خستەروو؛ \"بنەماڵەی کچە قوتابییەکانی شیناوی ناڕەزایەتییان بە \" دیاری کردنی رێژەی سووتانی کچەکانییان لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوەو نیوە بوونی دیەی کچەکانیان دەربڕیووە.

\"21858.jpg\"

 

عوسمان موزەیەن یەکێکی لە پارێزەرەکانی دۆسیەی کچە قوتابیانی شیناوی

موزەیەن ئاماژەی بەوەش کرد، بنەماڵەی کچەکان لەو باوەڕەدان؛ رەوتی دەرمان و چارەسەر کردنی برینی ئەو کچانە وەدوا کەوتووەو دەوڵەت خۆی لە چارەسەر کردنی دەرمانی ئەو ١٢ کچە بە بەرپرسیار نازانێ.

گوتیشی، دایک و باوکی ئەو کچانە بەهۆی هاتووچۆی بەردوام بۆ تاران تووشی کێشەی ماددی بوون و لەگەڵ ئەوەشدا کارەکانیان لەدەست داوە.

عوسمان موزەیەن لە وڵامی پرسیارێکدا کە وەزارەتی پەروەردە هەتا چەندە لە قەرەبوو کردنەوەی زیانی جەستەیی ئەو کچانەدا بەرپریارە، گوتی؛ \" بەپێی یاسا ئەو کچانە بەهۆی ئەویکە لە ناو پۆلی خوێندنی قوتابخانەدا ئەو رووداوەیان بەسەردا هاتووە، وەزیری پەروەردە بەرپرسیارەتیی کەیفەری هەیە و دەبێ دادگایی بکرێت و لەبەر دەم دادگا ئامادە بێت، چونکە ئەو کەسە بەرپرسیارە لەوەیکە ئەو قوتابخانە ناستانداردەیان خستووەتە ئیختیاری ئەو کچانەوە\".

ئەو پارێزەرە کوردە ئەوەشی خستەڕوو؛ \"وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیارەتیی حقووقی دەکەوێتە ئەستۆ و دەبێ جەریمە بکرێت و قەرەبووی زیانی جەستەیی ئەو کچانە بکاتەوە، کە وەزارەتی پەروەردە ئەم بەرپرسیارەتییەی قەبووڵ کردووە و ساڵی رابردوو، تەنیا یەکجار تێچووی نەشتەرگەریی ئەو کچانەی لە نەخۆشخانەی فاتیمەی زەهرای تاران دابین کردووە\".

هەنووکە ١٢ کچە قوتابیی رووداوی قوتابخانەی شیناوێی پیرانشار بەناوەکانی فەریدە ئمیدوار، ئامینە راک، نادیا ساڵح، موبینا پورکەم، ئامینە ئیسماعیل‌پوور، میهناز محەمەدپوور، سیما شادکام، سیما مورادی، ئارەزوو تاهیر ئابادی، شادی ئیبراهیمیان، ئەسرین مەعرووفی و ئەسمەعە دروی، رێژەیەکی بەرچاو لە دەست و دەموچایان سووتاوەو بەشێکیان قامکەکانی دەستیشیان بڕدراونەتەوە.