کچە قوتابیانی شیناوێ بۆ جارێکی دیکە لەبەر دەم دەفتەری سەرکۆماریدا مانیان گرت

15:11 - 26 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە قوتابییەکانی شیناوێ بۆ جارێکی دیکە لە بەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە تاران، مانیان گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە ١٢ کچە قوتابیانی شیناوی، هاوڕێ لەگەڵ باوکیان لە بەر دەم دەفتەری حەسەن رۆحانی سەرکۆماری حکوومەتی ئێران مانیان گرت، کە هەتا ئێستا هیچ وڵامێکیان پێنەرداوەتەوە.

باوکی یەکێک لەو کچە قوتابییانە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هەتا ئێستا هیچ خەسارەتێکیان بۆ قەرەبوو نەکردووینەتەوەو هیچ کام لە بەڵێنییەکانیش نەچوونەتە بواری جیبەجێ کردنەوە.

گوتیشی، ئەوان کە بۆ چارەسەریی برینی کچەکانیان لە تاران بوون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بێ هەڵوێستی و وەڵامنەدانەوەی بەرپرسان لە بەردەم دەفتەری سەرکۆماری مانیان گرتووە.

کچە قوتابییانی شیناوێ هەتا ئێستا لە تاران ماونەتەوەو باوکی ئەو کچانەش دەڵێن پزیشکانی نەخۆشخانەی (فاتیمەی زەهرا) داوای پارەی دەواو دەرمانیان لێ دەکەن و ئەوانیش توانای دابین کردنی تێچووی ئەو دەواو دەرمانەیان نییە.

پێشتریش لە سەرەتای مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢دا کچە قوتابییانی شیناوێی پیرانشار هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەر دەم دەفتەری حەسەن رۆحانیدا لە شەقامی پاستۆر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنابوو.

٣٧ کچە قوتابیی گوندی شیناوێی سەربە پیرانشار لە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١دا بەهۆی گڕ گرتنی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەکەیانەوە، تووشی رووداوی ئاگرکەوتنەوەو سووتانی جەستەیی بوون ولە ئەنجامدا دوو کچە قوتابیی بەناوەکانی سەیران یەگانە و سارینا رەسووڵزادە، بەهۆی قوڵیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.