کچە شاخەوانێکی ئیلامی لوتکەی \"کازیک\"ی خستە ژێر پێی

22:20 - 13 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: کچە شاخەوانێکی ئیلامی توانی بە سەرکەوتوویی لوتکەی شاخی پێنج هەزار و ٤٧ مێتری شاخی کازیک لە وڵاتی گورجستان بخاتە ژێر پێی خۆیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە شاخەوانێکی کورد و ئەندامی هەیئەتی شاخەوانی پارێزگای ئیلام بە ناوی \"سەعیدە سەفاریان\" لە ڕۆژانەی ١١ و ١٢ی گەلاوێژ، توانی بە سەر یەکێک لە شاخە بەرزەکانی جیهان لە وڵاتی گورجستان، سەرکەوێت.

سەعدیە سەفاریان توانی لوتکەی شاخی کازیک لە ماوەی ٢٣ کاتژمێر لە کەش و هەوایەکی سارد و سەهوڵبەندان ببڕێت.

هەواڵدەریی تابناک لە زاری محەممەد جەلال شاپووریان،بڵاوی کردەوە، بڕیارە سەعیدە سەفاریان لە ڕۆژانی داهاتوودا شاخی چوار هەزار ٩٠ مێتری \"ئاراگاتێس\"ی وڵاتی ئەرمەنستانیش بخاتە ژێر پێی خویەوە.

پێشتریش ئەو کچە شاخەوانە کوردە، توانی بووی شاخی پێنج هەزار و ١٣٥ مێتری شاخی ئارارات لە کوردستانی باکووڕ بخاتە ژیر پێی خۆیەوە.