کچە خوێندکارێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە خوێندن بێبەش کرا

19:33 - 24 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زانکۆی رازیی کرماشان کچە خوێندکارێکی کوردی ئەو زانکۆیەیان لە خوێندن بێبەش کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی گیتا گۆران موحیت بەهۆی باوەڕمەندی بە ئایینی بەهایی لە خوێندن بێبەش کرا.

بەرپرسانی زانکۆی رازیی کرماشان لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا بە شێوەی زارەکی بەو کچە خوێندکارەیان راگەیاندبوو، کە \" مافی هاتنە ناو زانکۆت نییە\".

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند؛ ئەم هاووڵاتییە کوردە، کە پەیڕەوی ئایینی بەهایی بووە، ئیزنی بەشداری کردنی لە تاقیکردنەوەکانی کۆنکووری ئەمساڵی پێنەدراوە.

گیتا گۆران موحیت خوێندکاری رشتەی ئەندازیاریی مێتالۆژیی پیشەیی زانکۆی رازیی کرماشان بووە، کە هەتا ئێستاش بە شێوەی نووسراوە حوکمی دەرکران لەو زانکۆیەی پێنەدراوە و تەنیا بە شیوەی زارەکی لەلایەن بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆوە مافی چوونە زانکۆی لێ ئەستێندراوەتەوە.

کۆتاییەکانی پاییزی ئەمساڵیش خوێندکارێکی دیکەی کوردی قۆناغی دوکتورا بەناوی جەماڵ حوسێنی بەهۆی \" پەیڕەوی کردن لە مەکتەب قورئانی کوردستان\" پاش ١٠ مانگ دامەزران و کارکردن لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، بە بریاری ئیدارەی ئیتلاعاتی لە خوێندن بێبەش کرا.

\"17818.jpg\"
ئیقان شەهیدی، هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە
پێشتریش لە دەستپێکی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، ئیقان شەهیدی تەمەن ٢٥ ساڵ لە کرماشان بە تاوانی \" ئەندامەتی لە گروپی نایاسایی کۆمیتەی مافی خوێندن\" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەگوتەی کۆمەڵەی بەهاییانی نیشتەجێی ئورووپا، نزیک بە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی دەژین، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئایینی بەهایی بە فەرمی نەناسیوە و بەهاییەکان لەوڵاتی ئێران لە مافی خوێندن لە قۆناغەکانی زانکۆ و هەروەها دامەزران لە دەزگا حکوومییەکاندا بێبەری کراون.