کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی بۆکان لە خوێندن بێبەش کرا

14:30 - 12 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی کوردی زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، چوونە زانکۆی لێ قەدەغە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری بۆکان پاش ئازاد کران لە زیندان، لەلایەن حەراستی ئەو زانکۆیەوە پێی راگەیاندراوە: \"هەتا ئەو کاتەی دادگایی نەکرێی، مافی هاتنە زانکۆت نیە\".

ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان، دوابەدوای ئازاد کران لەزیندان، بە مەبەستی درێژەدان بەخوێندن سەردانی زانکۆی کردۆتەوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆوە بەرەوڕووی ئەو بڕیارە بۆتەوە.

ئەو کچە خویندکارە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\"، دەستبەسەر کرا.

ئەو خوشک و برا بۆکانییە، پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ دەستبەسەری و راگیران لە ئیتلاعاتی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بڕیاری حەراسەتی زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان لە کاتێک دایە، کە ئەو کچە خوێندکارە پاش ئازاد کران لەزیندان، هەتا ئێستا بانگهێشتی لقی بازپۆرسیی دادگا نەکراوە و ئەگەری ئەوە دەکرێ کە ماوەی لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنەکەی زیاتر لە ٦ مانگ بخایەنێت.