کچە خوێندکارێکی کورد لە ئیلام ئەندامانی جەستەی بەخشی

16:48 - 2 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کورپا: خوێندکارێکی کورد، پاش ئەوەی جەڵتەی مێشک لێی دەدات، بە بەخشینی ئەندامانی جەستەی، ژیانێکی نوێی بە پێنج هاووڵاتیی دیکە بەخشی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، بە ناوی \"نیگار حەق‌نەزەری\" خەڵکی شارۆچکەی \'\'ئاسمان‌ئاوا\'\'ی سەربە شارستانی \"چەرداوڵ\'\' بە پێشکەشکردنی ٤ ئەندامی جەستەی خۆی، ٥ هاوڵاتیی لە مردن رزگار کرد.

ئەو کچە خوێندکارە بە هۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لە دەست داوە.

ماڵپەڕی ئیرنا لە بەشی ئوستانی ئیلام راگەیاند: پێویستمان بە بەخشینی خۆرایی ئەندامانی لەش وەکوو \'\'دڵ، گورچیلە، جگەر و سیپەلاک\'\' هەیە بۆ نەخوشەکان.

هەروەها رایگەیاند: نیگار پێش مردنی هەوڵی داوە کارتی بەخشینی ئەندامانی جەستەی وەربگرێت.

پێشتر چەند جارێک لە ئوستانی ئیلامدا ئەندامانی جەستەی نەخۆشەکان پەیوەند دراوە.

پێشتر ژنێکی ٣٧ساڵە لە ئیلام بە بەخشینی ئەندامانی جەستەی ژیانێکی نوێی بە هاووڵاتییان بەخشی.

لەم ساڵانی رابردوودا هەوڵێکی زۆر بۆ فەرهەنگ‌سازی کردنی بەخشینی ئەندامانی جەستە بە تایبەت ئەوانەی جەڵتەی مێشکیان کردووە، دراوە بەڵام ئامارەکان باس لە رێژەیەکی کەم لە چەشنە پەیوەندانه دەکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس لە ئێران پێویستیان بە پەیوەندی ئەندامانی جەستە هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی بەخشینی ئەندام، بەشیکیان بۆ وەرگرتنی ئەندامانی جەستە کاتێکی زۆر لە نەوبەتدا تەرخان دەکەن و بەشێکیان بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.