کچە خوێندکارێکی کورد، بە شێوەی گوماناوی لە شاری ئەهواز گیانی لە دەست دا

14:48 - 17 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی کورد، بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی زانکۆی \"کشاورزی\" و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان گیانی لە دەست دا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی سەرماوەز، تەرمی کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، بە ناوی \"مونا دۆڕانی\" لە خەوتنگەی زانکۆی کشاورز و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کچە خوێندکارە کوردە تەمەن ٢٨ ساڵە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە و بەرپرسانی زانکۆ خەریکی پەردەپۆش کردنی گیان لە دەستدانی ئەو خوێندکارە بوون، کە هۆکاری مردنەکەی بۆ جەڵتەی دڵ ڕابگەیەنن. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هاوڕێیەکانی مونا لە زانکۆ بە دڵنیاییەوە باس لە کوژرانی ناوبراو دەکەن.

ئەوە سەرچاوەیە، هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، بەرپرسانی زانکۆ هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئەو کچە خوێندکارە کوردە نەداوە و خوێندکارانی زانکۆ هۆکاری ئەم بێدەنگییەش بۆ چاوپۆشی کردنی گیان لە دەستدانی ناوبراو دەگەڕیننەوە. ئەو سەرچاویە هەروەها پێداگری دەکات، کە مونا دۆڕانی بە هیچ شێوەیەکی نەخۆشی دڵی نەبووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ کام لە هەواڵدەرییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، هەواڵی گیان لە دەستدانی مونا دۆڕانیان بڵاو نەکردووەتەوە و هەروەها لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی یاسایی سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئەو خوێندکارە کوردە، ڕاپۆرتێکی ورد و دروستیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووتەوە.

مونا دۆڕانی خوێندکاری قۆناغی ساڵی سێ دوکتورا لە بەشی \"کشاورز ترویجی\" لە زانکۆی کشاورزی و سەرچاوە سروشتییەکانی ڕامین لە پارێزگای خووزستان بووە.

پێشتریش چەندین حالەتی هاوشێوە لە زانکۆکانی ئێران و کوردستان بۆ کچانی خوێندکاری کورد روویدابوو، کە هەتا ئێستا بەدواداچوونی دۆسیەی گیان لە دەستدانی کچانی خوێندکاری کورد، لە زانکۆکانی ئێران بێ‌وڵام ماوەتەوە و ئەمەش بەردەوام بوونی کوژرانی کچانی خوێندکاری کوردی لە ئێرانی، لێ دەکەوێتەوە.