کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی مەهابادی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

19:42 - 21 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵە مەهابادی بە هۆیەکی ناڕوون هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی مەهابای بەناوی \"رۆژیـــن\" خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆکارێکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی خۆی هێنـا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی رۆژیـــن لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ راگیراوە و رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ماوەی ٥٠ رۆژی رابردوودا (سەرەتای مانگی رەزبەر هەتا ٢٠ی خەزەڵەوەر)، ٧ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە ٤ کەسیان تەنیا بەهۆی خۆسووتاندنەوە گیانیان لەدەست داوە.

بوونی ئەم ئامارە لە حاڵێک دایە کە زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوژی بە تایبەت خۆکوژیی ژنان بە شاراوەیی دەمێننەوە، بۆیە ئەگەر لەو پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەمەڕ خۆکوژیی هاووڵاتییان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.