کچە خوێندکارێکی بۆکانی لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

14:29 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوشک و برایەک کە خەڵکی شاری بۆکانن لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە بایزیدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ برایەکی خۆی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەوالنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەفسانە بایزیدی کچی ئەبووبەکر، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری ئەو شارە بووە کە هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەهۆیەکی ناروون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی شاهۆ بایزیدی کە کەسێکی میکانیک بووە ، بەهۆی ئەوە کە ویستوویەتی رێگری لە دەستبەسەر کرانی خوشکەکەی بکات، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد؛ بنەماڵەی ئەفسانە و شاهۆ لە رۆژی رابردووەوە بە بەردەوامی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکانی شاری بۆکانیان کردووە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی کە رۆژی رابردوو لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییە ک لەبەر دەستدا نییە.