کچێكی تەمەن ٧ ساڵان لە لایەن پیاوێکی ٦٠ ساڵەوە دەستدرێژیی کرایە سەر

12:00 - 25 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ٧ ساڵان، خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵەوە، دەستدرێژی جینسیی کرایە سەر.

"ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باسی لە دەستدرێژی بۆ سەر کچێکی تەمەن ٧ ساڵە بە ناوی "سۆنیا مورادی" لە لایەن پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵە بە ناوی "ئەحمەد ڕەحمانیـ"ـیەوە کرد.

ئەو چالاکە مەدەنییە نووسیوویەتی: "(س.م) تەمەن ٧ ساڵەیە، باوکی (س.م)، ماوەی چەند ساڵێکە کۆچی دوایی کردووە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە کچەکە لەنێو کۆڵانەکەدا خەریکی یاریکردن بووە و لە لایەن ئەحمەدەوە کە دراوسێیان بووە بانگ دەکرێت و ئەو کچە منداڵە دەباتە ماڵی خۆی و موخابن (س.م) وەک هەزاران منداڵی دیکەی قوربانی، لە لایەن ئەحمەدەوە دەستدرێژیی جینسیی دەکرێتە سەر، هەنووکە بنەماڵەی (س.م) لە حاڵی بەدواداچوونی ئەو ڕووداوەن".

ئەو ڕووداوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، ڕوویداوە و "ئەحمەد ڕەحمانی" دەسبەسەر کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٥ی ڕەزبەر، سۆنیا مورادی بۆ تەکمیلکردنی لێکۆڵینەوەکان ڕەوانەی پزیشکی یاسایی شاری مەریوان کراوە.