کچێکی کورد لە مەهاباد دەستبەسەر کرا

19:55 - 4 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعات کچێکی کوردی خەڵکی مەهابادیان دەستبەسەر کرد و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەیان ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزڵوەر، کچێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە خورسەندی\" خەڵکی \"گۆگ تەپە\"ی مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و بەبێ مۆڵەتی یاسای دەستبەسەریان کردووە.

دەوترێت، هێزەکانی ئیتلاعات بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی حکومەتی ئێران ئەم کچەیان دەستبەسەر کردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ئیتلاعات برای ئەم کچە کوردە بەناوی \"ئارام خورسەندی\"یان لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"حەسەن ئەرتەنگ\" دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.