کچێکی کورد بووە یەکەمی تێکواندۆ لە ئێراندا

19:45 - 5 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: تێکواندۆکارێکی سەقزی لە کێبڕکێی ئازادی لاوانی ئێران، بە سەرکەوتووییەوە مێداڵی زێڕی بردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیان شامحەممەدی، وەرزشوانی شاری سەقز، یەکەمی کێبڕکێی تێکواندۆی ئازادی لاوان و گەورەسالانی کە لە تاران بەڕێوەچوو، بەدەست‏هێنا.

\"29403.jpg\"
نیان شامحەممەدی
ئەو کچە لاوە لە کێشی ٤٦ کیلۆدا بەشدار بووە.

ناوبراو بەم قارەمانییە، توانیی ئیزنی بەشداریی لە کێبڕکێکانی ئاسیایی ٢٠١٦ی فیلیپین کە سەرەتاکانی بانەمەڕی داهاتوو بەڕێوە دەچێ، وەربگرێت.

کێبڕکێی ئازادی لاوان ـ گەورەساڵان، تایبەت بە ژنان، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بەشداریی ٢٢٩ تێکواندۆکار لە ٨ کێشی جیاوازدا، لە خانەی تێکواندۆ لە تاران بەڕێوە چوو.

نیان شامحەممەدی پێشتریش وەک فەننی‏ترین گەمەکەری لیگی دەستە یەکی ناسراو بە \"جامی کەوسەر\" دەستنیشان کرابوو.

هەروەها هەواڵەکان باس لە ئەندامیەتی سێ \"مۆتای\"کار لە شاری سەقز بۆ تیمی میللی ئێران دەکەن.

جەماڵ مەدەنی، کاوە سلێمانی و حسەین کەرەمی بە وەرگرتنی مێداڵی زێڕ، بوونە ئەندامی تیمی میللی و ئامادەی کێبڕکێکانی وڵاتی ویتنام دەبن.