کچێکی مەریوانی بە هۆی بەشوودانی زۆرەملێ خۆی سووتاند

15:32 - 30 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی شاری مەریوان، چەند ڕۆژ پاش بەشوودانی زۆرەملێ، خۆی کوشتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، کچێکی کورد، بە ناوی \"چرۆ نیکزاد\"، تەمەن ١٦ ساڵ، کچی عەلی، خەڵکی گوندی سەردۆش، سەر بە شاری مەریوان، دەست داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کچە مەریوانییە، بە هۆی بەشوودانی زۆرەملێ لەگەڵ کوڕە مامێکی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

کۆمەڵناسان لەسەر ئەو باوەڕەن: خۆکوژیی دیاردەیەکی شاراوەیە و تەنانەت ناوەندی ئاماریش ئەگەر لەم بارەوە ئامارێک پێشکەش بکات، زۆر ورد و دروست نییە.

بە وتەی ئەم کۆمەڵناسانە، یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕاستبوونی وەها ئامارگەلێک ئەوەیە، کە لە زۆربەی کاتەکاندا، دەوروبەرییەکانی کەسە خۆکوژەکە هەوڵیان ئەوەیە، هەتا خوکۆژییەکە بە مەرگی سروشتی لە قەڵەم بدەن.

پەروین زەبیحی، کارناسی بواری ژنان لە ئیلام، لە پێوەندی لەگەڵ خۆسووتاندنی ژنان بە ڕادیو فەردای وتووە: \"گرنگترین هۆکاری خۆسووتاندنی ژنان لە کوردستان، هەژاریی ماڵی، هەژاریی فەرهەنگی، توندوتیژیی بنەماڵە و تووشبوون بە مادەسڕکەرەکانـ\"ـە.