کچێکی مێرمنداڵ لە شاری مەریوان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

16:13 - 26 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی شاری مەریوان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵدەرییە ناوچەییەکانی مەریوان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ کە شوناسەکەی \"پ.م\" ڕاگەیەندراوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو کچە مێرمنداڵە دوای ئەوەیکە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات، بۆ نەخۆشخانەی \"بووعەلی\" ڕادەگوزارێت، بەڵام بە هۆی پلەی سووتانەکەی گیانی لەدەست دەدات.

\"29187.jpg\"
هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن ئەو کچە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی کوشتووە.

کۆمەڵناسان پێیان وایە کێشە خێزانییەکان لە کۆمەڵگای ئێران بە یەکەمین هۆکاری خۆکوژیی ژنان بە هەژمار دێن و کێشە ئابوورییەکانیش بە دووهەمین هۆکاری زۆر بوونی ئەم دیاردە دادەندرێن.

گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان، هەژاری، جیابوونەوە، نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان و ...هتد، لە هۆکارەکانی دیکەی خۆکوژی بە هەژمار دێن.

ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، هێما بۆ ئەوە دەکات کە لە نێوان ١٠٠ هەزار ژن و پیاوی ئێرانی، ٣ ژن وپیاوێک دەست بۆ خۆکوژی دەبەن.

بە شێوەی نێوەنجی ڕۆژانە ١١ کەس لە ئێراندا بە هۆکاری خۆکوژی گیان لەدەست دەدەن.