کچێکی لاوی سەقزی پاش ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە حاڵەتی کۆما، گیانی لە دەست دا

15:36 - 9 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە لاوێکی خەڵکی شاری سەقز، کە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو، پاش ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە حاڵەتی کۆما، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، کچێکی ۱۷ ساڵەی سەقزی، بە ناوی \"ئیلهام فاتمی\"، کە ٤٠ ڕۆژ پێش بە هۆی هەوڵی خۆکوژی کەوتبووە حاڵەتی کۆماەوە، گیانی لە دەست دا.

ئەو کچە لاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە لە ڕێگەی خواردنی \"حەب\" دەستی دابووە خۆکوژی و پاش ٤٠ ڕۆژ لە بێهۆشی درێژەخایەن و بێهیوای دوکتورەکانی نەخۆشخانەی سەقز، ڕۆژی ڕابردوو گیانی لە دەست دا.

پێشتر، یەکێک لە نزیکانی ئەو کچە لاوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندبوو، کە دوای ئەوەی ناوبراو بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوژی دەدات، تووشی مێشکمردوویی دەبێ و دەکەوێتە حاڵەتی کۆماەوە و سەرەڕای ئەوەی ماوەی ٤٠ رۆژە لە نەخۆشخانە چاوەدێری دەکرێ، بەڵام پزیشکەکان لە چاکبوونەوەی ناوبراو هیوابڕاو دەبن.