کچێکی دیکە لە سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:31 - 12 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: چەند ڕۆژ پێش ئێستا کچێکی تەمەن ١٩ساڵ خەڵکی شاری سەقز کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، کچێکی تەمەن ١٩ساڵە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بەم شێوەیە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٢حاڵەتی لەم چەشنە تۆمار کراوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانی بێهداشت، لە هەر٤٠ چرکەدا کەسێک کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ. نرخی خۆکوژی لە ئێران ٦ کەس لە نێوان ١٠٠ هەزار کەسە کە زیاتر لە تەمەنی ٢٠ – ٣٠ ساڵ ڕوو دەدەن. بەپێی دوایین ئامارەکان ڕێژەی خۆکوژی لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران چەنقات زیاتر لە ناوەندی ئێرانە.

جێگری بەشی لەش ساخی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی خۆکوژییەکان لە پارێزگای سنە بەبەراورد لەگەڵ ئاستی گشتی وڵات ٢ قات زیاترە کە لەم نێوانەدا ڕێژەی خۆکوژی ژنان ٨ قات زیاتر لە پیاوانە.

بە ڕای کارناسان هۆکاری سەرەکی خۆکوژییەکان لە ئێران و کوردستان بریتین لە: هەژاری و بێ دەرەتانی دارایی، نەخۆشییە دەروونییەکان، کێشە بنەماڵەییەکان و نائاگایی کۆمەڵگا بەرامبەر بە چارەسەررکردنی ئەم گرفتانە.