کچێکی تەمەن سێ ساڵان بە تەقەی ‌هێزە ئەمنیەتییەکان کوژرا

20:21 - 5 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە شاری ئەهواز گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی بڵاو بووەکان، شەوی دووشەممە ٣ی خەزەڵوەر کچێکی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی\"ڕەغد سەواری\" کچی عەباس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە شاری ئەهواز دەکوژرێت.

ئەو ڕووداوە لە گەڕەکی \"کوی عەلەوی\" شاری ئەهواز ڕوویداوە و دایکی ئەو کچەش لەو ڕووداوەدا بریندار بووە.

ماڵپەڕی \"جوانەها\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ١٠ی شەو، هێزە ئەمنیەتییەکان تەقەیان لە ماشینی ئەو بنەماڵەیە کردووە و ڕەغدی تەمەن سێ ساڵان دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و دایکشی بە توندی بریندار بووە.

پاش ئەو ڕووداوە، دایکی ئەو کچە تەمەن سێ ساڵەیە بۆ چارە سەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی گوڵستانی شاری ئەهواز کراوە و هەنووکە لە ژێر چاودێریی پزیشکی‌دایە.

هەتاکوو ئێستا لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکوومەت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هەروەها هۆکاری تەقەکردنەکەشیان ڕوون نەکردووەتەوە.