کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەست دا

10:56 - 10 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی "کاژین فەتاحی"، کچی "شەهاب"، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شارەکی "ڕاژان" سەر بە ورمێ، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو بە هۆکاری ناڕوون هەوڵی خۆکوژیی داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاو بە ناوی "زارا سابیری"، کچی "سوڵتان"، خەڵکی گوندی "قونی" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو هاووڵاتییە پاش خۆسووتاندنی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ کرا، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکان، زارا سابیری بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی کوشتووە.