کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە شاری سەردەشت خۆی کوشت

13:08 - 22 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هەژاری و دەستکورتی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ، خەڵکی گوندی \"دۆڵەبی\" شاری سەردەشت، بە هۆی هەژاری دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەرچەند هەتا ئێستا شوناسی ئەو کچە ١٣ ساڵە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بە وتەی ئەو سەرچاوەیە هۆکاری خۆکوژییەکەی پەیوەندیی بە دەستکورتی بنەماڵەکەیەوە بووە و هەروەها چەند ساڵ پێش دایکی ئەو کچە خۆی کوشتووە.

بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٧ حاڵەتی خۆکوژی ڕوویان داوە و بێجگە لە دوو کەسیان کە ڕزگار کراون، لە کۆی ئەو ٢٥ کەسە، ١١ کەس لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٧ کەس لە ڕێگای خۆسووتاندن، ٢ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج، دوو کەس بە هۆی خۆهەڵدانە خوار لە سەر شاخ و ٢ کەسی دیکە بە هۆی خۆخستنە ناو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لە ٢٧ کەسە ٥ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە.